هەڵسەنگاندنی دەرەکی پڕۆسەیەکی نیشتمانی یان نێودەوڵەتییە بۆ پشکنین و وردبینیکردنی ئاستی زانستی و کوالێتی خوێندن لە دامەزراوەیەکی ئەکادیمیدا، کە لەلایەن کەسان یان دەزگایەکی سەربەخۆوە ئەنجام دەدرێت کە هیچ پەیوەندییەکی کارگێڕییان بەو زانکۆ یان بەشەوە نییە.
ئامانجە سەرەکییەکانی هەڵسەنگاندنی دەرەکی ئەمانەن:
بێلایەنی و شەفافیەت: دەستنیشانکردنی خاڵە بەهێز و لاوازەکان بە چاوێکی دەرەکی و بێلایەن، دوور لە کاریگەرییە ناوخۆییەکان.
دڵنیابوونەوە لە ستانداردەکان: دڵنیابوون لەوەی کە پڕۆگرامی خوێندن و شێوازی تاقیکردنەوەکان لەگەڵ ستانداردە نیشتمانی و جیهانییەکان دەگونجێن.
متمانەبەخشین: پێدانی دڵنیایی بە خوێندکاران، خاوەنکاران و کۆمەڵگە کە ئەو بڕوانامەیەی دەبەخشرێت، خاوەن کوالێتییەکی بەرز و باوەڕپێکراوە.
پەرەپێدانی بەردەوام: پێشکەشکردنی پێشنیاری کرداری بۆ باشترکردنی ناوەڕۆکی کۆرسەکان و شێوازەکانی وانەوتنەوە.
هەڵسەنگێنەری دەرەکی External Assessor
ئەو کەسەیە کە لە دەزگایەکی دەرەوە دێت و بە شێوەیەکی ئەکادیمی و دادوەرانە چاودێری پڕۆسەی خوێندن و فێربوون دەکات لە زانکۆ/ دەستەکان. هەڵسەنگێنەری دەرەکی دەبێت کەسێکی ئەکادیمی خاوەن ئەزموون بێت و توانای هەڵسەنگاندنی بابەتەکانی ناو کۆرسەکەی هەبێت و رای خۆی دەربڕێت لەسەر ناوەڕۆکی بابەتەکان و رۆڵێکی کارێگەری هەبێت لە چاودێریکردنی تاقیکردنەوەکان و جۆری پرسیارەکان. دەبێت پلەی پرۆفیسۆری یاریدەدەر و سەرووتری هەبێت و بەگوێرەی توانا لە زانکۆ جیهانیەکانەوە بێت، وە لەکاتی نەبوونی پلەی زانستی بەرز، دەکرێت پلەی نزمتر دەستنیشان بکرێت.
هەڵسەنگێنەری دەرەکی بۆی هەیە وەڵامی قوتابیەکان ببینێت بە تایبەتی بەرزترین و نزمترین نمرە و بەدواداچوون بکات لەگەڵ خودی قوتابی و مامۆستای وانەبێژ، وە هەروەها بۆی هەیە کە بزانێت تا چ ڕادەیەک کوالێتی و ڕێساکانی کوالێتی جێبەجێکراوە لەو بەشەدا. ڕاپۆرتی کۆتایی هەڵسەنگێنەری دەرەکی دەبێت بەهەند وەربگیرێت لەلایەن لیژنەی زانستی بەشەکان و ئەنجومەنی زانکۆ بە شێوەیەکی گشتی گەر بکرێت هەڵسەنگێنەر دەبێت ٤ ساڵ بمێنێتەوە لە هەمان بەش. هەڵسەنگێنەر دەبێت لە ڕاپۆرتەکەیدا سەرنجی خۆی بنووسێت و وەڵامی ئەو پرسیارانە بداتەوە کە لە نەخشەی ژمارە (٥) دا هاتووە.
لە کۆتایی ساڵدا بەشە زانستییەکان چەند کۆرسێک هەڵدەبژێرن بۆ هەڵسەنگێنەری دەرەکی. بەشە زانستییەکان پەیوەندی بە سێ مامۆستای خاوەن ئەزموون دەکەن لە دەرەوەی زانکۆ/ دەستە، داوای CV یان لێدەکرێت و لیژنەی زانستی بەش بە رەزامەندی بەڕێوەبەری دڵنیایی جۆری زانکۆ/دەستە یەکێکیان هەڵدەبژێرێت.
ئەگەر هاتوو بەرنامەکان تێروتەسەل و بێ کەموکوڕتی بوون مەرج نییە لیژنەی باڵا هەموو ساڵێک ڕاپۆرتی دوورودرێژ پێشکەش بکات. لەم حاڵەتەدا دەکرێت ٢ ساڵ جارێک بێت، بەڵام لەسەر ئاستی بەش هەڵسەنگاندن و پێداچوونەوەی بابەت و کۆرسی مامۆستای وانەبێژ دەبێت ساڵانە بەردەوام بێت و ڕاپۆرت پێشکەش بکات بە راگر.